چیرۆکی ئەو خێزانە کوردەی لە کەنەدا ماڵەکەیان سووتا و کوڕێکیان گیانی لەدەستدا
دوای چەند رۆژێك تەرمەكەی لەناو داروپەردوی خانووەكە دۆزرایەوە
K24 - هەولێر
حەمید، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی وڵاتی کەنەدایە و لە کۆتایی هەفتەی رابردوو ماڵەکەی سووتا و خانووەکەی رووخا، لەوکاتەشەوە کوڕێکی لەنێو داروپەردوی خانووەکەی ونبوو" دوێنێ تەرمەکەی دۆزرایەوە".
شاهێدحاڵانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی وۆرکهام دەڵێن، سەرەتا دەنگێکی گەورەیان بیستووە و دواتر ماڵی حەمید گڕیگرتووە و رووخاوە.
چیا، هاوسەری حەمیدە و لەگەڵ سێ کوڕەکەی: ئەحمەد (14) ساڵ، ئاران (12) ساڵ و ژیر (شەش) ساڵ لە ماڵەوە بوون کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتەوە. دایک و کوڕە گەورە و بچووکەکەی تووانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام لەوکاتەوە هیچ دەنگێکی کوڕە ناوەنجییەکەی نەبوو.
شەوی سێشەممە پۆلیسی یۆرک رایگەیاند، لە ئەنجامی گەڕانیان لە شوێنی داروپەردووی خانووە سووتاوەکە تەرمێکیان دۆزیوەتەوە. دەیڤ میشێل، ئەفسەری پۆلیس لە یۆرک رایگەیاند "بەداخەوە ئەوە ئەو هەواڵەبوو، کە نەماندەویست رووبدات".
دۆگلاس براون، جێگری بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی ئۆنتاریۆ رۆژی سێشەممە لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند "بەوردی لە هۆکاری ئەو رووداوە دەکۆڵینەوە. ئاگرێک هەبووە، تەقینەوەیەک روویداوە، تائێستا دەتوانین ئەو دوو راستییە بسەلمێنین، بەڵام ئاشکراکردنی هۆکاری راستەقینەی ئاگرەکە رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت".
تاهیر حەمید، باوکی منداڵەکان رۆژی دووشەممە بەگریانەوە لەسەر داروپەردووی ماڵە سووتاوەکەی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و ئاماژەی بەوەكرد "كە ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ خێزانەكەم روومان كردووەتە کەنەدا بۆ ئەوەی پارێزراو بین".
ئەو خێزانە کوردە، خەڵكی شارۆچكەی دەربەندیخانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و پێش سێ ساڵ کۆچیان کردووە لە کەنەدا گیرساونەتەوە.
كەسێكی نزیك لە خێزانەكە بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەكاتی رووداوەكە تاھیری باوكی ئاران لە ماڵەوە نەبووە، ژیر یەكێكە لە كوڕەكانی تاھیر لەكاتی رووداوەكە خۆی لە پەنجەرە فڕێداوەتە خوارەوە و قۆڵی شكاوە".

