میلەر: ئەمەریکا پێشوازیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "واشنتۆن پێشوازیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە بڕیارە لە ماوەی 10ڕۆژی داهاتوو بەڕێوە بچێت".

میلەر ڕوونیشی کردەوە: "دەنگی کورد پرسێکە جێی بایەخی نێودەوڵەتییە، هەروەها چەندان قەوارەی نێودەوڵەتیش چاودێریی هەڵبژاردنەکە دەکەن".

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا، میلەر گوتی: "هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەبێت و ئێمە پشتگیریی لەو هەڵبژاردنە دەکەین".

گوتیشی: "هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە و ئێمە پشتگیریی لە هەموو هەوڵەکان دەکەین بۆ دڵنیابوون لە ئازادی، دادپەروەری و شەفافیەت، هیوادارین بەبێ دواکەوتن هەڵبژاردنەکە بەڕێوە بچێت".

هەڵبژاردنەکان، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە لە ساڵی 2004 لەلایەن ئەمەریکاوە دامەزراوە.

میلەر ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە لە پەیوەندییەکی نزیکداین لەگەڵ کۆمیسیۆن، هەروەها لەگەڵ نوێنەری هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق "یونامی"، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە ئامادەکاری هەڵبژاردن، هەروەها کارمەندانی خۆبەخش بە نوێنەرایەتیی ئەمەریکا و عێراق بەشداریی لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە دەکەن لە شوێنەکانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانی عێراقدا".

میلەر دەشڵێت: "ئێمە دەستخۆشیی لە کۆمەڵگەی مەدەنی و مێدیا دەکەین، بۆ پاڵپشتیی گوتاری سیاسی و هۆشیارکردنەوەی لە دەوری ئەو پرسانەی کە گرنگن بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەردەم ئەم هەڵبژاردنەدا".

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment