ڕۆیتەرز: عێراق نیو ملیار دۆلار لە کڕینی گەنم زیان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز، زیانێکی ئاشکرا کرد کە ڕەنگە حکوومەتی عێراق بە بڕی نیو ملیار دۆلار تووشی ببێت، ئەویش بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر لە گەنم کە زیاترە لەوەی پێویستیەتی، لەگەڵ نەبوونی شوێنی هەڵگرتنی ئەو گەنمانە، کە پاڵ بە حکوومەتەوە دەنێت کە گەنم بە نرخێکی کەم بە خاوەن ئاشەکان بفرۆشێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە "بەرهەمی گەنمی زیادە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بووە، بەڵام حکوومەت زیاتر لە دوو ئەوەندەی نرخی بازاڕی جیهانی بە جووتیاران داوە بۆ هاندانی چاندنی گەنم".
ئاژانسەکە جەختیشی کردووەتەوە: "حکوومەت زیانی 458.37 ملیۆن دۆلاری دەبێت، بەو پێیەی حکوومەتی عێراق گەنمی زیادە پێشکەش بە خاوەن ئاشەکان دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە حکوومەت تۆنێک گەنم لە جووتیاران بە 850 هەزار دینار دەکڕێت، بەڵام تۆنێک گەنم بە 450 هەزار دینار دەداتە خاوەن ئاشەکان، ڕەنگە ئەم نرخە هێشا کەم بکرێتەوە".
عادل موختار، ڕاوێژکاری پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ئەمە پلانێکی خراپە، بۆچی زیاتر لەوەی پێویستمانە بەرهەم دەهێنین، ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو".
عێراق ساڵانە پێویستی بە نێوان 4.5 بۆ 5 ملیۆن تۆن گەنم هەیە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەم هێناوە و زیادەکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بووە.
حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراقی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: "ڕەنگە بەغدا هەوڵی هەناردەکردنی ئەو زیادەیە بدات. حکوومەت پێی باشە ئەو زیادەیە لە ناوخۆی وڵاتدا بمێنێتەوە و پاڵپشتی ئاشەکانی پێ بکات، هەروەها شوێنی عەمبارکردنی سنووردارە و ناتوانێت ئەو زیادەیە هەڵبگرێت بۆ ساڵی داهاتوو".