وەزیری تەندروستی: تۆماركردنی تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا پێشبینی كراوە

"لەم چەند رۆژەدا 33 تووشبووی دیكە تۆمار كراون"

K24 - ھەولێر

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ـی راگەیاند، ھێشتا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوە و نابێت ھاووڵاتییان بێ متمانەییان لەلا دروست ببێت. ئاماژەی بەوەش كرد، دۆخی تەندروستی توشبووانی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان جێگیرە.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "لەم چەند رۆژەی دواییدا 33 كەسی دیكە لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە، ئەمەش ھەر بە شەپۆلی یەكەمی ڤایرۆسەكە ھەژمار دەكرێت".

گوتیشی: "تائێستا 424 كەس لە ھەرێمی كوردستان وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراون، ئێستا 36 كەس لە نەخۆشخانە ماون و 383 كەسی دیكەش دوای وەرگرتنی چارەسەر و چاكبوونەوەیان رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە".

سامان بەرزنجی، جەختیكردەوە: "تۆماركردنی حاڵەتی نوێی تووشبوو بە كۆرۆنا پێشبینی كراوە، چونكە ھێشتا ڤایرۆسەكە بوونی ھەیە و لە عێراق ژمارەی تووشبووان لە ھەڵكشانە".