دەست بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت کە لەژێر سەپەرشتیی سەرانی یەکێتی دا بووە
دژە تیرۆری کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، دەستییان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گرتووە کە لەژێر سەپەرشتیی سەرانی یەکێتی دا بووە.
پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، دژە تیرۆری کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە گوندی ئاوباری ناحیەی مەیدان لە نزیک قەزای دەربەندیخان لە لایەن دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەستی بەسەردا گیرا، جگە لە ئامێر و دەزگاکانی کارگەکە، نزیکەی دوو تۆن لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆنی بەرهەمهێنراوی ئەو کارگەیەی تێدابووە.
دژە تیرۆری کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەم کارگەیە بە ئاگاداری و لەژێر سەرپەرشتیی سەرانی تازەی (ی. ن. ک) دامەزرا بوو، دەسەڵاتدارانی سلێمانی هەموو هەوڵێکی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ خستەگەڕ تا چاوپۆشییان لێ بکرێت و بابەتەکە لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان بشاردرێتەوە یاخود بە قەبارەیەکی گەورە باس نەکرێت.