حکومەتی ھەرێم هاوکاری 50 هەزار خێزانی کەمدەراتی دهۆک دەکات

"هاوکارییەکە بەردەوام دەبێت"

K24 - هەولێر

قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر کەمبوونی داهاتی ژمارەیەکی زۆر خێزان هەبووە، بۆیە لە دهۆک ئازووقە بەسەر 50 هەزار خێزان دابەشدەکرێت.

مەجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-5-2020) رایگەیاند "50 هەزار خێزانی کەمدەرامەت دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی یارمەتییان پێشکەش بکرێت، ئەو یارمەتییانەی ئەمڕۆ دابەشدەکرێن لە چوار ماددەی خۆراکی پێکهاتوون، بەڵام هاوکارییەکە بەردەوام دەبێت و لەداهاتوودا ماددەی دیکەش زیاد دەکرێت".

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بۆردێک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەکە پێکهێنراوە و لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ماوەی دوو مانگ رووپێوێکیان لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزاکان کردووە.