"گەنجێكی کورد کچێکی سویدی "سەردەبڕێت و بە سیم لاشەکەی دەشارێتەوە

وردەکاری کوشتنی کچێکی 17 ساڵ لە لایەن گەنجێکی کورد ئاشکرا دەکرێت

K24 – هه‌ولێر:

دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر کوشتنی کچێکی تەمەن 17 ساڵی سویدی لە لایەن گەنجێکی هەرێمی کوردستان، وردەکاری زیاتری تاوانەکە ئاشکرا دەکرێت.

کچێک بە ناوی ویلما ئاندەرسن لە 14ـی 11ـی ساڵی 2019 لە شاری ئودێڤالا دیار نەما، بەهۆیەوە دواتر دڵدارەکەی بە ناوی تێشکۆ ئەحمەد شاباز دەستگیر کرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ویلما و تیشکۆ، بۆ ماوەی دوو ساڵ دڵداری یەکتر بوون، بەڵام دواتر کچە سویدییەکە بڕیاری داوە جیابێتەوە. کاتێک ویلما دەچێت کەلوپەلەکانی لە ماڵی تیشکۆ کۆبکاتەوە، تیشکۆ سەری دەبڕێت و بە سیم لا شەکەی دەپێچێتەوە و لە ماڵەکەی دەیشارێتەوە. دواتر تیشکۆ، سەری ویلما بە جیا لە ماڵەکەی هەڵدەگرێت و لاشەکەی فڕێدەدات.

بەگووتەی پۆلیس، تاوەکو ئێستا جیا لە سەری ویلما، لاشەکەی نەدۆزراوەتەوە، بەڵام ئەو چەقۆیەی تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە، لە ماڵەکەی تیشکۆ دۆزراوەتەوە.

گەڕان بە دوای لاشەی ویلما ئاندەرسن لە شاری ئودێڤالا
گەڕان بە دوای لاشەی ویلما ئاندەرسن لە شاری ئودێڤالا

کەسوکاری کچەکە داوا لە خەڵک دەکەن، بەردەوام بن لە گەڕان بەدوای لاشەی کچەکەیان چونکە تاوەکو ئێستاش، تیشکۆ رەتی دەکاتەوە ئەو ویلمای کوشتبێت.

دراوسێکانیشی بە پۆلیسیان گوتووە، گوێیان لە هاوار و دەنگی زۆر بووە.

تیشکۆ لە رێگای پارێزەرەکەی دەڵێت، من ئەو کچەم نە کوشتووە، بەڵکو خۆشم ویستووە و زۆر بە باشی پێکەوە ژیاون.

بڕیارە بە کۆکردنەوەی بەڵگەکانی پۆلیس، 26 ئەم مانگە جارێکی دیکە دادگایی تیشکۆ بکرێت و دادگا بڕیاری کۆتایی بدات.

تیشکۆ لە ساڵی 2014 رەگەزنامەی سویدی وەرگرتووە، بەڵام بە ڕەچەڵەک کوردە و پێشتر رەگەزنامەی عێراقی هەبووە.