یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: هێزی ئاشتیپارێز "یونیفیل" لە لوبنان لە مەترسیدایە
جان پییەر لاکروا، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتی بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سەلامەتی و ئاسایشی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل) لە مەترسیدایە.
لاکروا گوتیشی: "چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکانی هێزەکانی ئاشتیپارێز لە لوبنان لە 23ـی ئەیلوولەوە بە شێوەیەکی کاریگەر وەستاون.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی دا، هێزەکانی ئاشتیپارێز لە بنکەکانیان جێگیرن و ماوەیەکی زۆر لە پەناگەدا بەسەر دەبەن، باسی لەوەش کرد، نوێنەرایەتییەکە کە بە یونیفیل ناسراوە، ئامادەیە بۆ پشتیوانیکردن لە هەموو هەوڵەکان بە ئامانجی گەیشتن بە چارەیەکی دیپلۆماسی.
لاکروا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی 15 ئەندامدا گوتی: هێزەکانی یونیفیل ئەرکی پشتیوانیکردنیان لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701 پێسپێردراوە، بەڵام دەبێت پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارنامەیە لە ئەستۆی خودی لایەنەکاندایە.
ئەوەشی خستە ڕوو، بڕیارنامەی ژمارە 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەرکی هاوکاریکردنی سوپای لوبنان بە یونیفیل دەدات لە پاراستنی سنووری هاوبەشی باشوور لەگەڵ ئیسرائیل دوور لە چەک یان چەکدار، جگە لە هێزەکانی حکوومەتی لوبنان.
لای خۆیەوە کۆشکی سپی نیگەرانی خۆی دەربڕی دوای ئەوەی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان (یونیفیل) سوپای ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بە تەقەکردن لە شوێنی هێزەکاتییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا گوتی: "ئێمە تێدەگەین ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ورد لە نزیک هێڵی شین دەکات، بۆ لەناوبردنی حزبوڵڵا کە هەڕەشەن بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل، بەڵام پاراستنی ژیانی هێزەکانمان لە ئەستۆیاندایە"
گوتەبێژەکە دەشڵیت: لە هەبوونی هەر ئۆپەراسیۆنێکدا، گرنگە سەلامەتی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرچاو بگیرێت، نابێت هیچ لایەنێک ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو هێزە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە پێشتر پێیان ڕایانگەیاندووە، هێزەکە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، ئینجا تەقەیان لەو ناوچەیە کردووە ئەوەش بەهۆی بوونی ئەندامانی حزبوڵلا لە نزیک بارەگای یونیفیل لە باشووری لوبنان.