تیک تۆک سەدان هەلی کار ی هەڵوەشاندەوە و زیرەکیی دەستکرد بەکار دەهێنێت

پلاتفۆڕمی 'تیک تۆک' سەدان هەلی کاری کۆمپانیاکەی لە سەرانسەری جیهان، بە تایبەت لە مالیزیا هەڵوەشاندەوە، زیرەکیی دەستکرد لە شوێنی ئەو کارمەندانە بەکار دەهێنێت.

پلاتفۆرمەکە خاوەندارێتی کۆمپانیای 'بایت دانس'ـی چینییە، وردەکارییەکانی سەبارەت بە کارەکانی لە هەر وڵاتێکدا نەخستووەتەڕوو.

ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاوی کردەوە: "گوتەبێژی کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە ئامانجی پشتگیرییە لە هەوڵەکانی تیک تۆک بۆ باشترکردنی چاودێریی ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکانی، هەروەها بریارەکە کاریگەری لەسەر کەمتر لە 500 هەلی کار لە مالیزیا دەبێت".

کۆمپانیاکە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە: "هەزاران کارمەندی لە هەر شەش کیشوەرەکەی جیهاندا هەیە".

گوتەبێژەکە باسی لەوەش کردووە: "بەنیازین تەنها لە ساڵی 2024دا  بەبڕی دوو ملیار دۆلار لەسەر ئاستی جیهان وەبەرهێنان لە متمانە و ئاسایشدا بکەین، هەروەها بەردەوامین لە باشترکردنی کاریگەریی هەوڵەکانمان، لەگەڵ لابردنی لەسەدا 80ـی ناوەڕۆکەکان کە سەرپێچی یاساکان دەکەن بە تەکنەلۆژیای ئۆتۆماتیکی واتە زیرەکیی دەستکرد".

حکوومەتی مالیزیا داوای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد مۆڵەتی کارکردن وەربگرن، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.