بۆ یەکەمجار ڕووداوێکی مێژوویی لە ڕێوڕەسمی تۆپی زێڕین (بالۆن دۆر) ڕوو دەدات

بڕیارە 28ـی ئەم مانگە ڕێوڕەسمی خەڵاتی تۆپی زێڕین(بالۆن دۆر)ی 2024 لە پاریس بەڕێوە بچێت. بۆ یەکەمجار لە مێژووی ڕێوڕەسمەکەدا گۆڕانێکی گەورە دەکرێت و کە تایبەتە بەو یاریزانەی خەڵاتەکە دەباتەوە.
لەوەتەی ساڵی 1956 گۆڤاری فرانس فتبۆل خەڵاتێک بە ناوی باڵۆن دۆر، پێشکەشی باشترین یاریزانی جیهان دەکات، ڕێکخەرانی خەڵاتەکە هەر چەند ساڵێک گۆڕانێک دروست دەکەن و بۆ ئەمجارەش، بڕیاریان داوە گۆڕانکارییەکی مێژوویی بکەن.
رۆژنامەی The Atleticـی ئینگلیزی بڵاوی کردەوە، ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمی تۆپی زێڕین (باڵۆن دۆر) بڕیاریان داوە بۆ ئەم جارە، لێدوان و دیمانەی پێشوەختە لەگەڵ براوەی خەڵاتەکە نەکەن، واتە ئەو یاریزانە دەبێتە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024، تاوەکو رۆژی ڕێوڕەسمەکە نازانێت کە براوەی خەڵاتە بووە.
ساڵانێکە ئەو یاریزانانەی دەبنە براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین، پێشوەختە و پێش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، دیمانەیان لەگەڵدا دەکرێت، واتە پێش چەند ڕۆژێک بۆیان بە دیار دەکەوێت کە بونەتە براوەی خەڵاتەکە، بەڵام ڕێوڕەسمەکە ئەمجارە جیاواز دەبێت و ئەو یاریزانە دەبێتە براوەی خەڵاتەکە، تاوەکو ڕۆژی ڕێوڕەسمەکە نازانێت کە براوەی خەڵاتەکەیە.
ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیا، یەکێک لە بەهێزترین پاڵێوراوەکانی بۆ بردنەوەی، خەڵاتی تۆپی زێڕین (باڵۆن دۆر)ی 2024 و لەگەڵ ئەو یاریزانەش، هەر یەکە لە ڕۆدری ناوەڕاستکاری ئیسپانی مانچێستەر سیتی و هەروەها کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەرەنسی ریاڵ مەدرید، دوو پاڵێوراوی دیکەنە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.