سینەر پێشەنگایەتی ریزبەندی جیهانی مسۆگەر کرد
یانیک سینەر دوای بەدەستهێنانی بلیتی یاریی کۆتایی ماستەرزی شانگهای، توانی پێشەنگایەتی ریزبەندی جیهانی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ مسۆگەر بکات.
یانیک سینەر پێشەنگی ریزبەندی تێنسزانانی جیهان، لە قۆناغی پێشکۆتایی ماستەرزی هەزار خاڵی شانگهای چین، رووبەرووی تۆماس ماچاک تێنسزانی چیکی بووەوە، لە کۆتاییدا توانی لە ماوەی کاتژمێرێک و چل و چوار خولەک، یارییەکە بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش چوار و حەوت پێنج بوون.
سینەر بەم بردنەوەیە گەیشتە یاریی کۆتایی و لەو قۆناغەش، رووبەڕووی نۆڤاک جۆکۆڤیچ تێنسزانی سڕبی دەبێتەوە. تێنسزانە ئیتاڵیەکە لەم وەرزە چل و چوارەمین بردنەوەیە لە یاریگا رەقەکان بەدەست دەهێنێت لە بەرامبەر چوار دۆڕان.
سینەر بۆ یەکەمجارە سەردەکەوێت بۆ یاریی کۆتایی ماستەرزی شانگهای، هەروەها بە بردنەوەی ناسناوەکانی ماستەرزی سینسیناتی و مەیامی، ئامانجیەتی سێیەم ناسناوی ماستەرز، لە کاروانی وەرزشی خۆی بەدەست بهێنێت.