جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕەتی دەکاتەوە، دانا ئەحمەد ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە بێت

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتیی نییە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری نایاسایی و داتاشراودا.

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتی دەکاتەوە، دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە بێت. ئاماژە بەوە دەکات، دانا ئەحمەد مەجید چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری نایاسایی و داتاشراودا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە نییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە (بە ناو) کۆبوونەوەی (بە ناو) جڤاتی نیشتمانی، لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتییان کردووە لە ڕێگەی دەست هەڵبڕینەوە! لەو کۆبوونەوەدا تەنیا (11) کەسیان لە کۆی (32) ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین.

لە بارەی شێوازی یاسایی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوونی کردووە، دەنگدانی نهێنی بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام دەدرێت. نەک بە دەست هەڵبڕین.