دوای 17 ڕۆژ تەرمی فەرماندە باڵاکەی سوپای پاسداران لە شوێنی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا دۆزرایەوە
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دۆزینەوە و ناسینەوەی تەرمی عەباس نیلفرۆشانی لە بەیرووت ڕایگەیاند، کە 17 ڕۆژ لەمەو بەر لە هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا و چەند بەرپرسێکی دیکەی حزبوڵلا کوژران.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە: "دوای هەوڵی بەردەوام و 24 کاتژمێریی تیمەکانی گەڕان، توانرا تەرمی عەباس نیلفرۆشان، ڕاوێژکاری باڵای حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە نزیک بەیرووتی پایتەختی لوبنان بدۆزرێتەوە و بناسرێتەوە".
هەروەها ڕایگەیاندووە: "دواتر کاتی بردنەوەی تەرمی نیلفرۆشان بۆ ئێران و شوێنی بەخاکسپاردنەکەی بڵاو دەکەنەوە".
ئێوارەی هەینی 27ی ئەیلوولی 2024، حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان و عەباس نیلفرۆشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ 20 سەرکردەی دیکەی حزبوڵلا لە نێو باڵەخانەیەک لە گەڕەکی حارەت حەریک، باشووری بەیرووت، لەو کاتەی لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا بوون، کەوتنە بەر هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و سەرجەمیان کوژران.
بە گوێرەی هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ، لە هێرشەکدا زیاتر لە هەشت فڕۆکەی جەنگی هێرشەکەیان کردووە و ئەو بۆمبانەشی بەکاریان هێناوە تایبەت بوون بە هەڵتەکاندنی باڵەخانە و ژێرزەمینەکان کە کێشی هەر بۆمبێک نزیکەی هەزار کیلۆ بووە.
لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسداران و سوپای فەرمی ئێران، بە 180 مووشەکی بالیسی هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل؛ تاران لە بارەی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند: "لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و عەباس نیلفرۆشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و بریندارکردنی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بەیرووت هێرشەکەیان کردووە".