مێدالیای زێڕ لە ئیمان خەلیف دەسەندرێتەوە؟

ئلمان خەلیف: هەست دەكەم بەرپرسانی بۆكسێنی جیهان رقیان لەمنە، لەڕاستیدا نازانم بۆچی، لە كاتێكدا گومانی تێدا نییە من وەک ژن لەدایک بووم، وەک ژنێک ژیاوم، وەک ژنێک ڕکابەریم کردووە

ئیمان خەلیف، پاڵەوانی بۆكسێنی جەزائیری و خاوەنی مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیكی پاریسی 2024
ئیمان خەلیف، پاڵەوانی بۆكسێنی جەزائیری و خاوەنی مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیكی پاریسی 2024

لە ماوەكانی رابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاكرایەوە بەهۆی "دەرنەچوون لە تاقیكردنەوەی رەگەزی" مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیكی پاریس لە ئیمان خەلیفی وەرزشكاری جەزائیری دەسەندرێتەوە، لەمبارەیەوە رێكخراوی بۆكسێنی جیهان بێدەنگی شكاند.
ڕێکخراوی بۆكسێنی جیهان ڕەتیدەکاتەوە میدالیای زێڕ لە ئیمان خەلیف وەربگرێتەوە، بەهۆی "دەرنەچوون لە تاقیکردنەوەکانی شایستەیی ڕەگەزی"، جەخت لەوەش كراوەتەوە ئەو راپۆرتانەی لەبارەی رەگەزی ئیمان بڵاوكراوەتەوە ناڕاستە و نیەتێكی خراپی لەپشتە.
لە پاڵەوانێتی ئۆڵمپیكی پاریسی ئەمساڵ، بابەتی رەگەزی ئیمان خەلیفی پاڵەوانی جەزائیری  مشتومڕێكی زۆر بەدوای خۆیدا هێنا، دوی 2 مانگ بەسەر تێپەڕبوونی ئۆڵمپیكی پاریس، لە چەند رۆژی رابردوو راپۆرتێك بڵاوكرایەوە كە گوایە ئیمان لە دیاریكردنی رەگەزی دەرنەچووە و سڕكراوە و مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیكیشی لێ دەسەندرێتەوە.
ئیمان خەلیف، لە هاوینی ئەمساڵدا میدالیای زێڕی کێشی ئافرەتانی بەدەستهێناوە، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی ڕێکاری یاسایی گرتووەتەبەر و سكاڵای یاسایی تۆمار كردووە و لە راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی: لەبارەی رەگەزییەوە بەشێوەی ئۆنلاین زۆر هەراسان كراوە.
رێكخراوی بۆكسێنی جیهانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە ئیمان لە پشكنینەكانی ئۆڵمپیكی پاریس دەرچووە و مێدالیای زێڕەكەشی بە شایستەیی بەدەستهێناوە و هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە لێی وەربگرێتەوە.
گوستاڤۆ ئۆلیڤێری، ڕاوێژکاری یاسایی لە ڕێکخراوی بۆکسێنی جیهانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوكراوەتەوە لەبارەی ئەوەی كە گوایە رێكخراوی بۆكسێنی جیهان ئیمانی سڕكردووە، ئەو قسەیە بانگەشەیەكی درۆیە و هیچ بنەمایەكی راستی تێدا نییە.
ئیمان خەلیفی تەمەن 25 ساڵ، دوای بەدەستهێنانی میدالیای ئۆڵمپیكی پاریس ڕایگەیاند، بووەتە قوربانی "قسەوقسەڵۆك"، گوتیشی: هەست دەكەم تەنانەت بەرپرسانی بۆكسێنی جیهانیش رقیان لەمنە، لەڕاستیدا نازانم بۆچی، لە كاتێكدا گومانی تێدا نییە من وەک ژن لەدایک بووم، وەک ژنێک ژیاوم، وەک ژنێک ڕکابەریم کردووە".