وەزیری پەروەردە: کۆمەڵگەی بارزانی نەمر هەوڵێکی دیکەی حکوومەتی کوردستانە بۆ پێشخستنی کەرتی گشتی

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانی نەمر، کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە شاری هەولێر کردیەوە، ڕایگەیاند: "کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانی نەمر، هەوڵێکی دیکەی حکوومەتی کوردستانە بۆ پێشخستنی کەرتی گشتی لە بواری پەروەردە و خوێندن".

یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمری لە شاری هەولێر کردەوە، کە 60 هۆڵی خوێندن لەخۆ دەگرێت؛ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند: "کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانی نەمر کۆمەڵگەیەکی حکوومەتییە و لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراوە، یەکێکە لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی ژێرخانی پەروەردەیی و نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن".

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد: "کۆمەڵگەکە کادیری پەروەردەیی باشی بۆ دابین کراوە بۆ ئەوەی کەرتی گشتی لە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی برەوی پێ بدرێت و ئاستی خوێندن لە کەرتی گشتیدا بەرز بکەینەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کتێبی کۆمەڵایەتی پۆلی نۆ  بابەتێک هەیە لەبارەی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی کە نامەیەک بۆ سوڵتان عەبدولحەمید دەنووسێت، داوا دەکات ئەو باجەی لەو ناوچانە لە خەڵک وەردەگیرێت، پێویستە لە گوندەکان قوتابخانەی پێ دروست بکرێت، دید و تێڕوانینی 117 ساڵ پێش ئێستای شێخ عەبدولسەلام بارزانی وا بووە".

وەزیری پەروەردە گوتیشی: "بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق لە ساڵی1956 بۆ هەر 25 هەزار هاووڵاتییەکی کورد، تەنها یەک قوتابخانە هەبووە، ئەمەش وای کردووە دوای پۆلی شەشی بنەڕەتی، هاووڵاتی کورد نەتوانێت بەردەوامیی بە خوێندنەکەی بدات".
 وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ڕێککەوتنی 11 ئازار کرد: "بارزانی نەمر دیدگە و تێڕوانینی هێندە فراوان بووە، لە خاڵی یەکەم و سێیەم و بڕگەکانی (ئەلیف،با، ج)ـی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییەدا، ئاماژەی بە پەروەردە، کردنەوەی قوتابخانە، دامەزراندنی مامۆستایان کردووە. شۆڕشی ئەیلوول لە ناوچە ئازادکراوەکاندا قوتابخانەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی منداڵانی کورد لە فێربوون و زانین بێبەش نەبن".