پێنتاگۆن ھەواڵێكی هەواڵگری عێراق رەتدەكاتەوە

"عەبدولناسر قارداش دەستگیر نەكراوە"

K24 - ھەولێر   

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) زانیارییەكانی هەواڵگری عێراق لەبارەی دەستگیرکردنی عەبدولناسر قارداش، سەركردەی داعش رەتدەکاتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی سکای نیوز، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، پێنتاگۆن، هەواڵی دەستگیرکردنی عەبدولناسر قارداشی رەتکردەوە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی بۆ جێگرتنەوەی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش ناوی دەهێنرا.

لەلایەكی دیكە ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) رەتیكردەوە كە ئەو كەسە بۆ جێگرەوەی بەغدادی ناوی ھەبووبێت، بەڵكو قارداشی لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی باغۆز لەلایەن ھێزەكانیان دەستگیر كراوە.

دوێنێ، دەزگای هەواڵگری عێراق، دەستگیركردنی قارداشی راگەیاند، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشكرا بكات. دواتر راگەیەندراوێكی دیكەی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا قارداش لە دەستی ئەوان دایە و بە ھاوكاری ھێزەكانی سووریای دیموكرات دەستگیریان كردووە.

عەبدوناسر قارداش، لە ساڵی 1967 لە موسڵ لە دایكبووە و لە ساڵی 2007 پەیوەندی بە رێكخستنەكانی قاعیدە كردووە و چەند بەرپرسیاریەتیەكی پێسپێردراوە، دواتر لە ساڵی 2011 لە نزیك بەغدا چاوی بە ئەبوبەكر بەغدادی ئەمیری ئەوكاتی داعش كەوتووە و پاشان لەگەڵ چووەتە ناو ریزەكانی داعش و بەغدادی چەندین بەرپرسیاریەتی پێداوە.