گەنجێك بەھۆی ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی كچێك لە سلێمانی دەستگیر كرا

"تاوانبارێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستگیر كرا"

K24 - ھەولێر

گەنجێك لەسەر ھەڕەشەكردنی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی كچێك لە سلێمانی دەستگیر كرا.

 موقەدەم شۆڕش عەلی، لێپرسراوی نووسینگەی رۆژئاوای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتان‌ و خێزان رایگەیاند "تاوانبارێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەناوی (ب.أ.ف) تەمەن (21) ساڵ دەستگیر كرد، پاش ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كچێكی تەمەن (17) ساڵ بەناوی ( د. م. ا ) هەبووە. دوای ئەوەی پەیوەندییەكەیان گەیشتووەتە رادەی چوونە دەرەوەو وێنەگرتن ‌و ناردنی ڤیدیۆ لەدواجاریشدا داوای وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە كچەكە كردووە و كچەكەش بۆی ناردووە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "تاوانبار ئەم هەلەی قۆستۆتەوە و داواكاری تری هەبووە لەسەر كچەكە، لەبەرامبەر رازینەبوونی كچەكەدا تاوانبار وێنە ‌و ڤیدیۆكانی بۆ رازیكردن‌ و هەڕەشە لێكردنی كچەكە بەكارهێناوە بە بەردەوامی، كچەكەش لەترسی ئابڕونەچوونی خۆی‌ و پێنەزانینی كەس‌ و كاری هەوڵی خۆلەناوبردنی داوە، بەڵام لەدواجاردا سەردانی نوسینگەی رۆژئاوای كرد بۆ تۆماركردنی سكاڵا. دوای بەدواداچوون ‌و لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسەكە توانرا تۆمەتبار دەستگیر بكرێت‌ و دەست بەسەر سەرجەم وێنە و ڤیدیۆكاندا بگیرێت‌ و رووبەڕووی سزای یاسایی بكرێتەوە".

سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان - سلێمانى