لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێکی حکومەتی پێشووی عێراق دەکرێت

حەسەن کەعبی: دەیاندەینە دەست دادگا و دەستەی دەستپاکی

K24 - هەولێر

حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، یەکەم هەنگاوی حکومەتەکەی کازمی، چاکسازییە لە کارگێڕی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەو چوارچێوەیەشدا چەند وەزیرێکی حکومەتی پێشوو دەدرێنە دادگا.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، حەسەن کەعبی رایگەیاند: "لە قۆناغی داهاتوودا پێشینەی کاری حکومەت چاکسازیی بەڕێوەبەردن و بەرەنگاربوونەوە گەندەڵیی دارایی دەبێت، بەتایبەتی لە هەندێک وەزارەت کە گەندەڵی تێکیداون". جەختیشی کردەوە لەوەی: "لە رۆژانی داهاتوودا، وەزیرە گەندەڵەکانی حکومەتی پێشوو، ئەنجام و سزای گەندەڵییەکانیان دەبینن و دەدرێنە دادگا و دەستەی دەستپاکی".

گوتەکانی کەعبی لەکاتێکدان، حکومەتی نوێی عێراق هاتووەتە سەر ئابووریی و پەیوەندی دیپلۆماسی خراپ، هەروەها دەبێت مامەڵە لەگەڵ دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکان بکات، کە پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی عێراق لەدژی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق دەکران.