مۆبایلێکی حەشاردراو "دەبێتە بەڵگەیەکی گرنگی" کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان
لەیلا و براژنەکەی مۆبایلەکەیان لەنێو باخچەی ماڵێک لە موسڵ حەشاردابوو
K24 - هەولێر
سەدان هەزار کەس هێشتا بەدەست یادەوەریی تاڵی داعش دەناڵێنن، بەڵام رەنگە چیرۆکی رفاندنی کچ و ژنانی ئێزدی لە هەموویان بەئازارتر بێت، کە لەیلا یەکێک بوو لەو ژنە رفێندراوانە. ئەو جارێکی دیکە دەچێتەوە مووسڵ، شوێنی تاڵترین یادەوەرییەکانی.
لەیلا تەعلۆ، ژنێکی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعشە، دەچێتەوە ئەو خانووەی لە مووسڵ تێیدا لەگەڵ هاوژینەکەی دەستبەسەر بوو.
لەیلا لەگەڵ ماڵباتەکەی دەستبەسەرکرابوو، پاشان لە هاوژین و براکانی جیاکرایەوە و چەندین جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا. هاوژین و برا و ماڵباتەکەشی هاوشێوەی سەدان پیاوی دیکەی ئێزدی شەهید کران.
لەیلا تەعلۆ بە هەناسەیەکی ساردەوە باسی یادگارییەکانی دەکات و دەڵێت: "خۆزگە رابردوو دەگەڕایەوە و لەگەڵ ماڵباتی خۆم دەمامەوە، جا ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی داعشیش ژیاباین، تەنیا هاوژین و براکانم زیندوو بوونایە. دەتوانم بەرگەی هەموو ئازارێک بگرم، بەڵام هەرگیز ناتوانم ئەوان لەبیر بکەم".
دەگوترێت هاوژین و براکانی لەیلا دوای ئەوەی شەهیدکراون، تەرمەکانیان خراوەتە نێو چاڵێکەوە لە مووسڵ.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەڵگەی نوێی لە بارەی کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان دەستکەوتووە. تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە دوو ملیۆن پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ شاهێدحاڵ و قوربانییانی کۆمەڵکوژیی ئێزدیان کردووە و چەندین بەڵگەی نوێی لە بارەی ئەو تاوانە دەستکەوتووە، دەکرێت مۆبایلەکەی لەیلا تەعلۆش، یەکێک بێت لە گرنگترین بەڵگەکان.
لەیلا لە بارەی مۆبایلەکەیەوە ئاشکرای کردووە: "دەمانزانی ئەوان (چەکدارانی داعش) دەمانگوازنەوە، بۆیە نیگەرانی مۆبایلەکانمان بووین نەوەک ئەوان پێی بزانن، بۆیە من و براژنەکەم مۆبایلەکەمان لێرە شاردەوە".
کەسوکاری لەیلا توانیویانە بە 19 هەزار و 500 دۆلار لە دەستی داعش رزگاری بکەن.
تاوەکو ئێستا 3500 ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون، یەکێک لەو رزگارکراوانەش برازایەکی لەیلایە، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ رزگارکرا.
لەیلا تەعلۆ، سەرەڕای هەمووی ناخۆشییەکان، دڵخۆشە بە رزگاربوونی و دەڵێت: "هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات رۆژێک لە رۆژان ئازاد ببم، بەڵام ئێستا وا ئازادم".