برایان هۆك: ئێران له سووریا ده‌كشێته‌وه
ده‌ڵێت كۆرۆنا ئێرانی وێران كردووه
K24 – هه‌ولێر:
نێردراوی ئه‌مه‌ریكا تایبه‌ت به كاروباری كۆماری ئیسلامی ئێران، "برایان هوك" رایگه‌یاند، كۆرۆنا ئێرانی وێران كردووه و ئه‌مه‌ش ئه‌و وڵاته‌ی ناچار كردووه، له سووریا پاشه‌كشێ بكات.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری "فۆرین پۆڵیسی"، كه ئێواره‌ی رابردوو، له‌گه‌ڵی ئه‌نجامدرا، "برایان هۆك" گوتی: "ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ له‌و بڕوایه‌دایه، ئێران هۆكارگه‌لێكی پێویستی هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له سووریا بكشێته‌وه. چونكه كۆرۆنا ئه‌و وڵاته‌ی وێران كردووه. ئه‌مه‌ریكا ئاگاداری كشانی تاكتیكیانهی هێزه ئێرانییه‌كانه له سووریادا".
پێشبینیی ده‌كرێت، ئێران به‌شێكی هێزه‌كانی له سووریا بكێشێته‌وه و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش په‌یوه‌ندی به جموجووڵه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه.
هاوكات رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌ك سزای دیكه‌ی به‌سه‌ر (9) كه‌سایه‌تی و كیانی ئێرانی‌دا سه‌پاند، له دیارترین ئه‌و كه‌سایه‌تییانه، وه‌زیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی ئێران، "عه‌بدولڕه‌زا ره‌حمانی فه‌زڵییه".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئیدانه‌ی ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكای كرد و رایگه‌یاند، سیاسه‌تی سه‌پاندنی سزاكان به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران‌دا شكستیهێناوه.
كۆماری ئیسلامی ئێران راشیگه‌یاند، سزاكانی ئه‌مه‌ریكا پێشێلكاری روونی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ژماره (2231)ن و داواشیكرد، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چاو له‌و سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكا نه‌پۆشێت.
سه‌رچاوه: RT