فەرمانی بە قەزابوونی بەحرکە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 15-10-2024، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی فەرمانی هەرێمی و فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە قەزابوونی بەحرکە دەرچوو، بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە". 

ئامااژەی بەوەش کردووە: "هێنانە کایەی قەزای بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولیر بەهەمان سنووری ئێستای بەحرکەیە".

ڕۆژی پێنجشەممە، 03-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە قەزاکردنی بەحرکەی ئیمزا کرد.

لە فەرمانەکەدا هاتووە: "پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 316، بڕیارمان دا بە هێنانە کایەی قەزای بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەمان سنووری ئێستا ناحیەی بەحرکە".

ئەم فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، واتا ئەمڕۆ، پێنجشەممەوە، 03-10-2024، جێ بەجێ دەکرێت.

بەحرکە، 31 گوند و چوار کۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت. لە ساڵی 2003 کراوەتە ناحیە و ئەمڕۆ پێنجشەممەش، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران کرایە قەزا.

ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی بەحرکە زیاتر لە 32 هەزار کەسە و نزیکەی حەوت هەزار خانووی لێیە.

سنووری بەحرکە:

لە باکوورەوە ناحیەی بەستۆرە و ناحیەی دارەشەکران.

لە باشوورەوە ھەولێر و ناحیەی ڕزگاری.

لە ڕۆژھەڵاتەوە ناحیەی کەسنەزان.

لە ڕۆژاواوە ناحیەی کەورگۆسک.