مەسرور بارزانی: پێویستە هەڵبژاردن دوور لە پێشێلکاریی و ساختەکاریی بەڕێوە بچێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 15-10-2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە د. محەممەد ئەلحەسسان، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: "سەرۆک وەزیران وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کورستانی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ نوێنەری تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق دووپات کردەوە".
سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لە "گرنگیی بەردەوامبوونی ڕۆڵی یونامی لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە".
نوێنەری تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق ئاماژەی بەوە دا: "هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەش و جوانی پێشکەوتن و ئاوەدانییە و دەکرێ ببێتە مۆدێلێک بۆ هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق". ئامادەییی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بۆ هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە: "تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئارام و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی کردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق کە بڕیارە لە 20 ی نۆڤيمبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئاڵۆگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە "پشتیوانیی لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەکەین، بەڵام دەبێت تەنیا لەپێناو پێشخستن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بێت و بۆ هیچ مەبەست و ئامانجێکی سیاسی بەکارنەهێنرێت".