داوا لە فەرەنسا دەکرێت رێگربێت لە لەسێدارەدانی پێنج داعش لە عێراق
"فەرەنسا دەزانێت رەوشیان چۆنە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی سنوورێکی بۆ دابنێت"
K24 - هەولێر
لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە فەرەنسا دەکات: "هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان" بەسەر پێنج "جیهادی"ـی فەرەنسی لە عێراق.
لیژنەکە رۆژی هەینی (22-5-2020) لە نامەیەکدا داوا لە فەرەنسا دەکات "هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر کە لە توانایدایە بۆ پارێزگاری جەستەیی و دەروونی حوکمدراوەکان" و رێگە بگرێت لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان.
ئەو داعشە فەرەنسییانە ناویان: ئیبراهیم نەجارە، بیلال کەباوی، لویۆنارد لۆپیز، فازڵ تاهر و عوەیدات مورادە، کە لە مانگی حوزەیران لە عێراق حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
نەبیل بودی، پارێزەری ئەو چەکدارە داعشانە لەبارەی رەوشیان دەڵێ: "ئەوان لە زیندانەکانی عێراق، مامەڵەیەکی نامرۆڤانە و شەرمەزارکەرانەیان لەگەڵدا دەکرێت"، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "فەرەنسا دەزانێت رەوشیان چۆنە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی سنوورێکی بۆ دابنێت".
بەگشتی 11 فەرەنسی لە ساڵی 2019 لە سووریا دەستگیرکرابوون و دوای ئەوەی رەوانەی عێراق کران، لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، سێ فەرەنسیی دیکەش کە دووانیان ژنن، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.
afp