سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات دادەنێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

کاتژمێر 10:00 ـی بەیانیی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 17-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات دادەنێت.

درێژایی پرۆژەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات نزیکەی 35 کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 98 ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت. 

پرۆژەکە، هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگەیەکی سەرەکیی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانە. 

 

کابینەی نۆیەم نزیکەی دوو هەزار پرۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی جێ بەجێ کردووە
 

لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەزار و 967 پرۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان بە گوژمەی یەك تریلیۆن و 863 ملیار دینار خراونەتە بواری جێبەجێکردن، کە بەشێکی زۆریان پرۆژەی ستراتیجین؛ وەك شەقامی 150 مەتریی هەولێر، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و شەقامی بارزان لە دهۆك.

تا ئێستە 926 پرۆژەی دروستکردنی شەقام کارەکانیان بە ڕێژەی سەدا 100 تەواو بووە و هەزار و 41 پرۆژەی دیکەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان لە ژ‌ێر قۆناغی جێبەجێ کردندان.

هەروەها 44 پرۆژەی دیکەی مامناوەند و ستراتیجیی کابینەکانی پێشووتر کە تەواو نەکرابوون لە کابینەی نۆیەمدا پارەیان بۆ تەرخان کراوە و 13 لەو پرۆژانەش کارەکانیان تەواو کراوە.

لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 585 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون کە 75ـیان پرۆژەی ستراتیجی و گرنگن؛ هەروەها 291 پرۆژەی دیکەش ئێستە جێبەجێ دەکرێن.

لە کۆی ئەو 585 پرۆژەی ڕێگاوبان کە کارەکانیان کۆتایی هاتووە، توانراوە هەزار و 363 کیلۆمەتر ڕێگەی تازە بە بڕی زیاتر لە 930 ملیار دینار دروست بکرێت و زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیر لەو پرۆژانە بەکار هێنراوە.

زۆرینەی پرۆژەکانی تایبەت بە ڕێگەوبان لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێ بەجێ کراون.

پرۆژەکانی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان ئاسانکاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات و سیمای شارەکانیش جوانتر دەکات.