ساسان عەونی: حکوومەتی هەرێمی خزمەتگوزاریی دەگەیەنێتە ئەو شوێنانەی کە پێویستیان پێیەتی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکی خۆی خزمەتگوزاریی دەگەیەنێتە ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بە خزمەتگوزارییە.

پێنجشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هەر شوێنێک پێویستی بە خزمەتگوزاری بێت، دەستی ئاوەدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێ دەگات."

ساسان عەونی گوتیشی: "دوێنێ بەردی بناغەی چەند خزمەتگوزارییەکمان دانا، هەر گەڕەکێک و کەرتێکی هەرێمی کوردستا کە تاکوو ئێستە خزمەتگوزاریی پێ نەگەیشتبێت، بە دڵنیاییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات و خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێتە هەموو ئەو شوێنانە."

لای خۆیەوە ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو پارێزگاری هەولێر و شارەوانیی هەولێر و شارەوانیی چوار، دڵخۆشین لە چوارچێوەی فەرمان و ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتگوزاریی بە خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر ."

پارێزگار دەڵێت: " خەڵکی داواکارییەکی زۆری هەبوو بۆ چارەکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەڵەکە بووبوون، یەکێک لەوانەش، کێشەی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بوو، کە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، ڕاستەوخۆ خۆی هاتە سەر زەوییەکان و هەنگاوی جێبەجێ کردنی داواکاریی خەڵکی دەستی پێ کرد".

ئومید خۆشناو ڕاشیگەیاند: "خەڵکی داواکاری ئەوە بوو کە ڕیگەیان پێ بدرێت بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکان، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران، هەمان ڕۆژ فەرمان درا بە ڕێگە پێدان و دروستکردنی خانوو لەو زەوییانە. دواتر خزمەتگوزارییەکانیانی دیکەیان بۆ دەکرێت."