پارێزگاری دهۆک: جووتسایدی "بەردەڕەش- خەبات" کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەکات
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: ڕێگەی جووت سایدی "بەردەڕەش – خەبات" دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری بۆ ناوچەکە و دەبێتە هۆی ئاوەدانی و خزمەت بۆ هاووڵاتییان و ئەو گوندانەی کە لەسەر ئەم ڕێگایەن.
پێنجشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووت سایدی، "بەردەرەش- خەبات" ڕایگەیاند: "ئەم ڕێگەیە بەهۆی هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی نێوان تورکیا و عێراقدا تێک چووبوو و بووبووە هۆی مردنی چەندان شۆفێر، بۆیە یەکێک لە داخوازییەکانی خەڵکی، دروستکردنی جووت سایدێک بوو بۆ ئەم ناوچەیە."
پارێزگاری دهۆک گوتی: "ئەمرۆ بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان، بەردی بناغەی ئەو جووت سایدە دەدانرێت، وەک ئەو جووت سایدانەی هەولێر و دهۆک و لە سنوورەکانی دیکەدا هەیە".
گوتیشی: "ئەم جووت سایدە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری بۆ ناوچەکە و دەبێتە هۆی ئاوەدانی و خزمەت بۆ هاووڵاتییان و ئەو گوندانەی کە لەسەر ئەم ڕێگایەن."
ئاماژەی بەوەش کرد: "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە چەندان جار سەردانی ئەم دەڤەرەی کردووە، هەرجارێکیش هاتبێت بەردی بناغەی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان داناوە، بەبێ جیاوازیی لە نێوان گوند و شارەدێکان، خۆشبەختانە پرۆژەکان چوونەتە بواری جێبەجێ کردن و کەتووەتە خزمەت و بەردەستی هاووڵاتییان."
عەلی تەتەر ڕاشیگەیاند: "ئەم ڕێگەیە بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە، ئەم پرۆژانەش دەبێتە خۆشبەختی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و دڵخۆشیی هاووڵاتییان."