لە دهۆک ئامادەکارییەکان بۆ دەنگدانی تایبەت تەواو کراون

دهۆک
دهۆک

لە پارێزگای دهۆک ئامادەکاری تەواو بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت و گشتی کراوە و بنکەکانی دەنگدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەپاریزرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت.

بۆ هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی ژمارەیەکی زۆری ڕیکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش چاودێری پرۆسەکە دەکەن.

لە دهۆک تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ دەنگدانی تایبەت و گشتی کراوە و 33 بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخان کراون، هاوکات 142 بنکەی دیکەش بۆ دەنگدانی گشتی دیاریی کراون، هەموو ئامادەکارییەکیش کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەبچێت.

خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و زێرەڤانی، رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمیش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، گوتی: تەواوی ئامادەکارییەکانیان لە پارێزگای دهۆک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەنگدانی تایبەت و گشتی تەواو کردووە، تەواوی ئامێر و پێویستیەکان بۆ بنکەکانی دەنگدان دابینکراوە.

لێژنەی ئەمنی لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک، ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی دەنگدەر و بنکەی دەنگدان و ڕێگەگرتن لەهەر کێشە و ئاریشەیەک.

عەقید هێمن سلێمان گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند: سەنتەری پارێزگای دهۆک دابەشی چوار کەرت کراوە، لەهەر یەک لەو کەرتانە بەڕێوەبەرێک هەیە، لەهەموو بنکەکانی دەنگدانیش ئەفسەر و کارمەند هەن کە پارێزگاری لەو بنکەکانە دەکەن، هەر لە ڕۆژی 15ـی تشرینی یەکەمەوە لەو کاتەی ئایمر و پێداویستییەکانی هەڵبژاردن گواسترانەوە قوتابخانەکان، ئەفسەر و کارمەندانی ئەو بنکانە دەستیان بە ئەرکی پاراستنی بنکەکان کرد، هەر لوێش دەمێننەوە تاکوو دەنگدان کۆتایی دێت و سندووقەکانی دەنگدان دەگوازرێنەوە جێی مەبەست.

زیاتر لە 10 ڕێکخراوی بیانی و نزیکەی 30 ڕێکخراوی ناوخۆیی، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ چاودێری کردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک.

سەربست رەشید مستەفا ئامێدی، چاودێری هەڵبژاردن گوتی: پێویستە ڕیز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت و ئەنجامەکان قەبوڵ بکرێن بەهەر شێوەیەک بێت، چونکە ئەوە مافی دەنگدەرانە.

لە دهۆک زیاتر لە 52 هەزار کەس مافی دەنگدانی تایبەتی هەیە، هاوکات 686 هەزار کەس مافی دەنگدانی گشتی هەیە.