گوهدار شێخۆ: هەردوو ڕووی شەقامی تونێلی زاخۆ تاکو ناوشار دەکەینە شوێنی گەشتیاریی
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت: هەردوو ڕووی شەقامی تونێلی زاخۆ تاکو ناوشار دەکەنە شوێنی گەشتیاریی.
پێنجشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هاوکاریی کەرتی تایبەت بکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی زاخۆ، گوتی: ئێمە لەبواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاریی گرنگیی زۆرمان بە کەرتی تایبەت داوە، هەردوو ئەو پرۆژەیەی ئێستا لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێن خزمەتی خەڵکی ناوچەکە دەکات.
گوهدار شێخۆ دەڵێت: زاخۆ بووەتە هەواڵی بەردەوامی کوردستان و عێراق، گۆڕانکاریی زۆر ڕوویداوە و جوانییەکی زۆر لەو شارە دروست بووە.
گوهدار شیخۆ گوتی: بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی پرۆژە گەشتیارییەکان، پلانی ئەوەمان هەیە لە تونێلی زاخۆ تا دەگاتە ناوشار لەهەردوو ڕووی شەقامەکە، پرۆژەی گەشتیاریی و بازرگانیی دروست بکەین بۆ ئەوەی خزمەتی زاخۆ بکەن.
گوهدار شێخۆ دەڵێت: ڕۆتین لە بواری وەبەرهێناندا لە زاخۆدا نییە، هەر وەبەرهێنەرێک پرۆژەیەک پێشکەش بکات، ئێمە پێشوازیی لێدەکەین و پشتیوانیی دەکەین، دەمانەوێت زاخۆ بکەینە نموونە، دەشڵێت، ئەو دوو پرۆژەی ئەمڕۆ بەردی بناغەمان بۆی دانا، زیاتر لە 600 دەرفەتی کار دروست دەکەن، تاکو لەماوەی سێ ساڵدا پرۆژەکان تەواو دەبن، خەڵکێکی زۆر کاری تێدا دەکەن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ ڕایگەیاند: پلانیان هەیە پارکێکی گشتی ئەسپ سواری لەسەر خابوور دروست بکەن، دوای زستانیش بچنە شەرانشێ چەند پرۆژەیەکی گەشتیاریی لەوێش جێبەجێ بکەن، چونکە داوای وەربەرهێنان لەوێ بۆ پرۆژەی گەشتیاریی زۆرە.