فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان گۆڕانکاری لە سیستەمی دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی بۆ ڕێکخراوەکان دەکات
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، گۆڕانکارییان لە سیستەمی دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی بۆ ڕێکخراوەکان کردووە.
پێنجشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گۆڕانکاریی لە سیستەمی دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی بۆ ڕێکخراوەکان دەکەن و هەفتەی داهاتوو ئەو گۆڕانکارییانە جێبەجێ دەکرێن.
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ماوەی کارپێکردنی بڕیاری کارگێڕی ڕێکخراوەکان لە ساڵێکەوە درێژ دەکرێتەوە بۆ دوو ساڵ، هەروەها ڕێکارە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی سادە دەکرێنەوە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە.
دەشڵێت: گۆڕانکارییەکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، لەمەودوا دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی بە چەند سەعاتێک تەواودەکرێن ئەگەر هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبێت.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە بڕیاری کارگێڕی بەڵگەنامەیەکی فەرمی و گرنگە لەلایەن فەرمانگەکەیانەوە بۆ ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت، ئەم بەڵگەنامەیە بۆ ئاسانکاریی و ڕێکخستنی پەیوەندی و کاری ڕێکخراوەکانە لەگەڵ دام و دەزگا حکومی و فەرمی و نافەرمیەکان بەکاردێت.
گوتی: ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پەرەپێدانی کەرتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتینە.
داوای لە ڕێکخراوەکانی کوردستان و عێراق و بیانیی لە هەرێمی کوردستان کرد، ئاگاداری ئەم گۆڕانکارییانە بن و بۆ هەر پرسیارێک یان ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر پەیوەندی بە فەرمانگەکەیانەوە بکەن.