یەکێتیی مامۆستایان، فەرمانبەران و مامۆستایانی سلێمانی ئاگادار دەکاتەوە

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، هەندێ پەیج بە مەبەست و بە شێوەیەكی چەواشەكاری هانی خەڵك دەدەن كەوا زانیاری و فۆڕمی خۆیان پڕ بكەنەوە بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی (تەوتین). گوتیشی: ئەو فۆڕم و زانیارییە بەشێكە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن لایەنێكەوە بەكاردەهێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنووری پاریزگای سلێمانی ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: هەندێ پەیج بەمەبەست و بەشێوەیەكی چەواشەكاری هانی خەڵك دەدەن كەوا زانیاری و فۆرمی خۆیان پڕ بكەنەوە بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی (تەوتین). لێرەدا ڕایدەگەیەنین كە ئەم پەیج و ماڵپەرە فەیكانە ناتوان مامۆستایان و فەرمانبەران چەواشە بكەن.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داواکارە لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنووری پاریزگای سلێمانی، کە بە هیچ شێوەیەك فۆرمەکە پڕ نەكەنەوە و زانیاری خۆیان نەدەن بە هیچ پەیج و ماڵپەرێك، چونكە پرۆسەی كردنەوەی هەژماری بانكی لە هیچ وڵات و شوێنێكی دونیا بەو جۆرە ناكرێت، زۆر ڕوون و دیارە كە لایەنێك دەیەوێ هەست و سۆزی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و بۆ مەرامی خۆیان بەكاریان بهێنن.

ئەحمەد گەرمیانی، باسی لەوە کرد، هەندێ پەیج رێكلام بۆ ئەو لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری بانكی دەکەن. جەختی لەوەش کردەوە، دڵنیابن ئەو فۆرم و زانیارییە بەشێكە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن لایەنێكەوە بەكار دەهێنرێت.

ناوبراو بە پێویستیشی دەزانێت کە مامۆستایان و فەرمانبەران ئاگاداری ئەم جۆرە پەیج و زانیارییانە بن، كەوا هەندێ پەیجی ساختە بە ئارەزووی خۆیان لینك دادەنێن و، دەیانەوێت خەڵك چەواشە بكەن و بۆ مەبەست و مەرامی خۆیان بەكاری بهێنن.