پێشمەرگەیەک: بە دوو خولەک دەنگم دا
بەشێک لە ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەدەن، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ پرۆسەی دەنگدان کراوە و تەنها لە ماوەی دوو خولەکدا دەنگیان داوە.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت و 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و 12 بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق بۆ دەنگدانی تایبەت کراونەتەوە.
بەشێک لەو پێشمەرگانەی لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەنگیان دا، بۆ پەیامنێرانی کوردستان24 باسیان لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کرد و ئاماژەیان بەوە کرد: "ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دەنگدانی تایبەت کراوە و پرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک بەڕێوە دەچێت".
دلدار نەعمەت، پێشمەرگەی فەرماندەی سپیلک بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "تەنها لە ماوەی دوو خولەکدا دەنگم دا و پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت؛ سوپاس بۆ خوا تاوەکوو ئێستە ئامێرەکان هیچ گرفتێکیان نییە."
ئەو پێشمەرگەیە باسی لەوەش کرد: "ئەمڕۆ وەکوو هێزی پێشمەرگە، بە دەنگەکانمان بەرگرییمان لە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەیمان کرد. داوا لە هاووڵاتییان دەکەم دووسبەی یەکشەممە، 20-10-2024، ئەوانیش بە گڕوتینەوە بەشداریی دەنگدانی گشتیی بکەن."
پێشمەرگەیەکی دیکەی فەرماندەی زێرەڤانی بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "چەندان جار بەشدارییم لە هەڵبژاردن کردووە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز و چارەنووسسازە. داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەمووان بەشداریی بکەن بۆ ئەوەی بە دەستی خۆمان حوکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو دەستنیشان بکەین."
ئەو پێشمەرگەیە پێی وایە: "بڕیاری هاووڵاتییان بۆ دەنگنەدان، زۆر هەڵەیە، چونکە بەو شێوەیە ڕێگە بە کەسانی دیکە دەدەن لە جیاتی ئەوان بڕیار لەسەر چارەنووسی چوار ساڵی داهاتوویان بدەن؛ هیوادارم هەمووان بەشداریی بکەن."