نوێنەری لایەنێک: پێشێلکاریەکی زۆر لە هەڵەبجە دەکرێت

نوێنەرێکی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵەبجە زۆر فاشیلانەیە، دەنگدەران مۆبایل دەبەنە ژوورەوە بۆ ئەوەی وێنەی دەنگدانیان بگرن."
محەممەد جەلال، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی لە بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە دەرکراوەتە دەرەوە و دەڵێت: "لەو بنکەیەی دەنگدان بە مۆبایل وێنەی ئەو فۆرمە دەگرن کە دەنگیان بە چ کاندیدێک داوە، بۆ ئەوەی دواتر وەکو بەڵگە نیشانیان بدەنەوە کە دەنگیان بە کێ داوە، بۆیە ئێمەش لەسەر ئەوە شێوازە دەنگدانە ڕازی نەبووین، لەبەر ئەوە بەپاڵ دەریان کردووینەتە دەرەوە."
ڕاشیگەیاند: "ئەو کەسەی بەرپرسی وێستگەکەیە ئەتوانێت نەهێڵێت، کە پێمان گوتووە ئەو برادەرە وێنە دەگرێت، ئەویش بە دەنگدەرەکە دەڵێت 'ڕەحمەتت لێ بێت وێنە مەگرە' ئەوە قسەی بەرپرسی وێستگەیە." گوتیشی: "پرۆسەکە زۆر فاشیلە، پرۆسەکە دیموکراسییە بەڵام دیکتاتۆرییە، چونکە نوێنەری کۆمیسیۆن دەڵێت دەبێت لایەنەکەی بزانێت دەنگی بەکێ داوە."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت
بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت
بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت
بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت
بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و 12 بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە:
بازنەی هەولێر: 62 بنکە
بازنەی سلێمانی: 57 بنکە
بازنەی دهــــــۆک: 33 بنکە
بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە
نەینەوا: چوار بنکە
بەغدا: سێ بنکە
کەرکووک: یەک بنکە
ئەنبار: یەک بنکە
سەڵاحەددین: یەک بنکە
دیالە: یەک بنکە
واست: یەک بنکە
دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.