رووماڵ

یۆنامی: هانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدەین بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان

یۆنامی
یۆنامی

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق هانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و جەخت دەکاتەوە، هاوکاری کۆمسیۆن دەکەن، تاوەکوو هەڵبژاردنی پەرلەمان "ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف" بەڕێوە بچێت.

محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە. 

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: "خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕۆژانی هەینی و یەکشەممە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، تاوەکو ئەو مافەی خۆیان دەستەبەر بکەن و نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمانی داهاتوو هەڵبژێرن."

هەڵبژاردن، وەکوو ئەوەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی کردووە: "دیموکراسی بە‌‌‌هێزتر دەکات و بیرۆکەی نوێ دەخاتە ناو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکانی خەڵک. ئەم هەڵبژاردنە زۆر پێویستە، هەڵبژاردنەکان بڕگەیەکی گرنگن لە بەڕێوەبردنی هەرێمەکەدا."

محەممەد حەسان پێی وایە: "هەرێمی کوردستانی ئێستا زۆر جیاوازترە لە 10 ساڵی ڕابردوو، زۆر سەرسام بووم بەو پەرەسەندن و پیشکەوتنەی ئێستای هەرێمەکە. دڵنیام هێشتا ئاڵنگاری لە بەردەم هەرێمدا هەیە، بەڵام کوردستان لەسەر رێگەی ڕاستە و بەرەو ئایندەیەکی باشتر هەنگاو دەنێت. ئێستاش دەرفەتە بۆ نیشاندانی ئەو ڕێگەیە."

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق هانی نزیکەی سێ ملیۆن دەنگدەری هەرێمی کوردستان دەدات: "بچنە سەرسندووقەکان و دەنگ بدەن"  دەڵێت: "یۆنامیش لە ڕێگەی شارەزایان و تیمی تەکنیکی و هەڵبژاردنەکانییەوە هاوکاری کۆمسیۆن دەکات، هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیش چاودێریی پڕۆسەکە دەکەن. هیوادارین هەڵبژاردن لە 18 و 20ـی تشرینی یەکەم بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت."

دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.

ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:

بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت

بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت

بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت

بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت

بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە:

بازنەی هەولێر: 62 بنکە

بازنەی سلێمانی: 57 بنکە

بازنەی دهــــــۆک: 33 بنکە

بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە

نەینەوا: چوار بنکە

بەغدا: سێ بنکە

کەرکووک: یەک بنکە

ئەنبار: یەک بنکە

سەڵاحەددین: یەک بنکە

دیالە: یەک بنکە

واست: یەک بنکە