رووماڵ

لە هەڵەبجە لایەنەکان سکاڵا لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دەکەن

ڕێبوار ئەمین، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لقی 12ـی هەڵەبجە
ڕێبوار ئەمین، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لقی 12ـی هەڵەبجە

گرژی و ئاڵۆزیی لە بنکەیەکی دەنگدانی هەڵەبجە دروست بوو، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە هەڵەبجە، هاوشان چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی، سکاڵایان لە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵەبجە کردووە و بەرپرسی وێستگەکان فۆرمی سکاڵاکان ئیمزا ناکەن.

ڕێبوار ئەمین، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لقی 12ـی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند "گرژی و ئاڵۆزیی لە بنکەی دەنگدانی بورهان لە هەڵەبجەی شەهید دروست بوو، لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان دراوە،بۆیە دەنگدان لەو بنکەیە هیچ سەنەدێکی یاسایی نییە و لەڕووی یاساییەوە دانی پێدا نانێین. ئێمە و بریکاری  لایەنە سیاسییەکانی دیکە فۆرمی سکاڵامان وەرگرت، بەڵام بەداخەوە بەرپرسی وێستگەکان و بەرپرسی بنکەکە ئیمزا لەسەر فۆرمی سکاڵاکان ناکەن کە ئەمە بە تەواوی پێشێلکارییە.: داوامان لە کۆمیسیۆن کردووە بێتە سەر هێل، داوامان کردووە ئەنجامەکانی ئەو بنکەیە لەڕووی یاساییەوە دانی پێدا نەنرێت و هەرچی دەنگدانە لە بنکەکە پوچەڵ بکرێتەوە."

ڕێبوار ئەمین گوتیشی: "بە خەڵکی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە دەڵێین، دەسەڵاتێک متمانەی بە لایەنگرانی خۆی نییە، متمانەیان بەوانەش نییە کە لەگەڵ خۆیان دەوام دەکەن، چۆن دەتوانێت متمانەی خەڵکی بێلایەنی هەڵەبجە بەدەست بێنێت، بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەگەر ئەمڕۆ ئەمەیان بۆ بچێتە سەر، رۆژی 20ـی مانگ بۆیان ناچێتە سەر، رۆژی 20ـی مانگ خەڵکی هەڵەبجە پێیان دەڵێت کە ئەوان نوێنەری خەڵکی هەڵەبجە نین، خەڵکی هەڵەبجە کەسی وا گێرەشێوێن قەبوڵ ناکات."

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لقی 12ـی هەڵەبجە گوتی: "لایەنە سیاسییەکان لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەل، بەرەی هەڵوێست سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام بەرپرسی وێستگەکان ئیمزا لە سەر فۆرمی سکاڵاکان ناکەن."

دەشڵێت: "چەندان ئەفسەر لەبەردەم بنکەکان وەستاون مۆبایلی خۆیان دەدەنە پۆلیسەکان بۆ ئەوەی وێنەی دەنگدانیان بگرن، هەڕەشەی ئەوە لە پۆلیسەکان دەکەن دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە بۆیان دیاری کردوون."

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.