سەرۆك بارزانی داوا لە لایەنەكان دەكات رێگەی تەبایی بگرنەبەر

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، بەبۆنەی ھاتنی جەژنی رەمەزان پەیامێكی بڵاوكردەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و موسڵمانان، لە پەیامەکەیدا داوا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەکات، "لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارە، لە ئاست بەرپرسیاریێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بن و رێگەی تەبایی و برایەتی و یەكڕیزی بگرنە بەر".

سەرۆک بارزانی دەڵێت بەهۆی "پەتای كۆرۆنا و قەیرانە سیاسییەكانی عێراق و دۆخی خراپی ئابووریی ناوخۆیی و جیهان، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی ناهەموار و هەستیار و لەبەردەم تەحەددیاتی تازەدایە"... جەختیش لە یەکڕیزی دەکاتەوە و دەڵێت "هەرچی دەستكەوت و سەركەوتنی گەلی كوردستانیش هەبووە، لە سایەی یەكڕیزی و هەست بە بەرپرسیاریێتی لایەنەكان هاتووەتە كایەوە".

 

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق بە گشتی و موسڵمانانی كوردستان بە تایبەتی دەكەم. پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەروەها كارمەندانی دەزگا ئەمنی و تەندروستییەكانی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەكەم كە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان زەحمەت و شەونخونیی زۆریان بینیوە.

 

بەداخەوە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و قەیرانە سیاسییەكانی عێراق و دۆخی خەراپی ئابووریی ناوخۆیی و جیهانی، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی ناهەموار و هەستیار و لەبەردەم تەحەددیاتی تازەدایە. جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بە دەرفەت دەزانم كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكەم، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارە لە ئاست بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگەی تەبایی و برایەتی و یەكڕیزی بگرنە بەر. داوا لە گشت لایەك دەكەم لەبری یەكترشكاندن و دروستكردنی گرژی و ناكۆكیی زیاتر، پێكەوە و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك و نەهێشتنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم گەلی كوردستان هاوكاری یەكتر بن. ئەوە چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستانە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەرچی دەستكەوت و سەركەوتنی گەلی كوردستانیش هەبووە لە سایەی یەكڕیزی و هەست بە بەرپرسیارێتی لایەنەكان هاتووەتە كایەوە. لەوەیش دڵنیام كە گەلی كوردستان پشت بە خودای گەورە بە سەربەرزییەوە ناخۆشی و قەیرانەكان تێدەپەڕێنێت.

لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم و ئومێدی ئەوە دەخوازم خودای گەورە ڕۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ كردبێت و ئەو جەژنە ببێتە مایە كۆتایهاتنی تیرۆر و نەخۆشی و نەهامەتییەكان و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.

 

مسعود بارزانی

30ـی ڕەمەزانی 1441ـی كۆچی

23ـی 5ـی 2020ـی زایینی