رووماڵ

عەلی تەتەر: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە دهۆک بێ کێشە بەڕێوە دەچێت

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت "پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە پارێزگای دهۆک بە شێوەیەکی ئارام و ئاسایی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت، هیوای خواست تا تەواوبوونی پرۆسەکە، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی ڕوو نەدات."

هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان لە کاتژمێر 7ـی بەیانی دەستی پێکرد و تا 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. 

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیەند "پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای دهۆک بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت، هیوای خواست تا تەواوبوونی پرۆسەکە، هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی بەشداریی باشە، هیوادارە ئەوانەی ماون بێ هیچ کێشەیەک و بەشێوەیەکی ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن، و بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتیی لە 20ـی مانگ هیچ کێشەیەک بۆ دەنگدان ڕوو نەدات."

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.