کۆمیسیۆن: ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە سەدا 70
ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ, لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند "ڕێژەی بەشداریی گەیشتووەتە 70%."
ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت بە پێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 70%
- سلێمانی: 67%
- دهـــــۆک: 77%
- هەڵەبجە: 64%
- نەینەوا: 30%
- بەغدا: 67%
- کەرکووک: 43%
- ئەنبار: 7%
- سەڵاحەددین: 67%
- دیالە: 56%
- واست: 3%
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت
بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت
بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت
بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت
دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.