مەڕوان محەممەد: دوای کاتژمێر شەش ژماردنی دەستی دەنگدانی تایبەت دەکرێت

مەڕوان محەممەد بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاتژمێر شەش هەموو ئامێرەکانی دەنگدان ڕاستەوخۆ ڕادەوەستن و ڕاپۆرتی دەنگدانی تایبەت چاپ دەکەن، دوای ئەمەش دەست دەکرێت بە ژماردنی دەستی دەنگەکان.
گوتیشی: پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتیی تاوەکوو ئێستا لە شاری هەولێر بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچووە و لە 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت تەنیا %5 کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجە مۆریان هەبووە، ئەوەشی نەتوانراوە پاش هەوڵەکانی پەنجەمۆری بخوێندرێتەوە، ئەوە مافی دەنگدانی نابێت.
هەروەها ئاماژەیدا، بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو کاژمێر 12ی نیوەڕۆ ڕێژەی دەنگدان لە هەولێر %70 بووە، ئەوەشی هەبووە تەنیا چەند گرفتێکی تەکنیکی هەبووە، بەڵام چارەکراون. هەروا بنکەی جەژنیکان لە سنووری شارۆچکەی بەحرکە تاکە بنکەیە لەسەر ئاستی هەولێر تەواوی دەنگدەرەکانی %100 دەنگیانداوە.
لە بارەی پێشێلکارییەکانیش بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گوتی: تەنیا دوو سكاڵا گەیشتووەتە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن، ڕەتیشیکردەوە هیچ کامێرایەکی چاودێری بنکەکانی دەنگدان لە کارکەوتبن.
مەڕوان محەممەد داواشی لە دەنگدەرانی گشتیی کرد، کە یەکشەممە 20 مانگ لە ڕۆژی دەنگدان پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بن، مۆبایل لەگەڵ خۆیان نەبەنە بنکەکانی دەنگدان، چونکە یەکەمجارە لە پرۆسەی هەڵبژاردن مۆبایل قەدەغە دەکرێت.
سەبارەت بە ئەنجامی سەرەتایی دەنگدانی تایبەت ڕایگەیاند، کاتژمێر شەش کە دەنگدان کۆتایی پێهات و ئامێرەکان ڕاوەستان، بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و خۆکار ئامێرەکان ڕاپۆرتێک لە سەر دەنگدان چاپ دەکەن و کۆپی ڕاپۆرتەکە بە نوێنەری کیانە سیاسییەکان دەدرێت و کۆپییەکیشی هەڵدەواسرێت، دوای ئەمە ڕاستەوخۆ ژماردنەوەی دەستی دەنگدەکان دەکرێت.