تەندروستیی هەولێر: لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیی تیمەکانی تەندروستیی لە ئامادەباشیدان

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕێکاری تەندروستی گیراوەتەبەر و 34 تیمی تەندروستیی لە ئامادەباشیدان.

شەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2024، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێکاری تەندروستی گیراوەتەبەر و لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیی، 24 تیمی فریاکەوتنی خێرای تەندروستیی هەولێر لە ئامادەباشیدان.

گوتیشی: سەرەرای هەبوونی ئەو 24 تیمە، 10 تیمی دیکە لە نەخۆشخانەکان لە ئامادەباشیدان، کۆی گشتیی 34 تیمی تەندروستی ئامادەن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو گەر پێویست بێت، خۆشم  لە خەتم بۆ هەر حاڵەتێک و چوار خاڵی سەرەکیشمان بۆ حاڵەتەکان داناوە لە سنووری دەوروبەری شاری هەولێر، یەکێکیان لە سەنتەری شارە، یەکێکیان لە دەوروبەری خەبات، ئەوی دیکەش لە لە دەشتی هەولێر و دەوروبەری، ئەوی دیکەش لە شەقڵاوە هەیە.

لای خۆیەوە سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: " سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و بەشەکانی فریاکەوتن بەشێوەی ئێشکگری لە ناو هەولێر، لە کاتژمێر شەشی سەرلە بەیانی لە ئامادەباشیدان و لە نزیک بنکەکان ئۆتۆمبیلی ئەمبوڵانسیان لێ دەبێت و لە شوێنە گشتییەکانیش بسوڕێنەوە تاوەکو پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبێت، لە ئێشکگردابن".

گوتیشی: "چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەتیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەر حاڵەتێک کە پێویست بکات، هەروەها داوای لە هاووڵاتیانیش کرد دەتوانن لەکاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی کتوپڕ یان هەر ڕووداوێک پەیوەندی بکەن بە فریاکەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122".