قوشتەپە: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی هاووڵاتییانی کەمداهات دروست دەکرێت

دانانی بەردی بناغەی BCF City لە قوشتەپە - هەولێر
دانانی بەردی بناغەی BCF City لە قوشتەپە - هەولێر

لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا ئەمڕۆ شەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2024، لە شارۆچکەی قوشتەپە بەردی بناغەی BCF City داندرا، كە چەندین یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت و دوای تەواوبوونی پرۆژەکە، بە سەر هاووڵاتییانی کەمداهاتی شارۆچکەکە دابەش دەکرێن.

ساسان عەونی وەزیری شاروانی و گەشتوگوزار

لە بارەی پرۆژەکەوە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: "ئەمە پرۆژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانیی بە هەماهەنگیی لەگەڵ قایمقامییەتی قوشتەپە جێبەجێی دەکات، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی شاروانیی قوشتەپە، پارچە زەوییەکی بە ڕووبەری 35 هەزار مەتر دووجا، بۆ دروستکردنی 180 خانوو بۆ تەرخان کراوە. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، دەبێتە یەکێک لە گەڕەکە نموونەییەکانی شارۆچکەکە."

لەلایەن خۆیەوە مووسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند "ماوەیەکی زۆرە لە کاری ڕێکخراوەیی خێرخوازی کار دەکەین، ڕاشکاوانە دەڵێم لە هیچ شوێنێکی دونیا نەمانبینیوە وەک هەرێمی کوردستان، کاری مرۆیی بکرێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە هەولێرە، هەمیشەش وتوومانە بۆ هەر پرۆژەیەکی گەورە، هەولێر و هەولێرییەکانت لە پشت بێت، هیچ ترسێکت نەبێ کە لە ماوەیەکی زۆر کورت پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت."

مووسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

گوتیشی: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆی بە قەرزاری هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت، بەڵام قوشتەپە تایبەتمەندییەکی بۆ دەزگاکە هەیە، بۆیە ئێستا قایمقامی قوشتەپە ڕێگەی بۆ کورتکردینەوە بۆ ئەوەی خزمەتی شارۆچکەکە بکەین، هەروا لە داهاتووشدا بتوانین خزمەتێکی زیاتری خەڵکی جێژنیکان و هەولێرو هەولێرییەکان و دەورووبەری بکەین، چونکە دەزانین چ هەڵوێستێکیان هەبووە بۆ هاوکاری و خزمەتکردنی ئاوارە و پەنابەران، بەرانبەر بە بارزانییەکان کە ڕوویان لە قوشتەپە کرد، یان ئەو پێشوازییەی لە خەڵکی دهۆکیان کر کاتی شاڵاوی ئەنفالی 1988،  هەروا بەرانبەر بە پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان."

مووسا ئەحمەد ڕاشیگەیاند "لە ماوەیەکی کورت و نزیکدا بە هەوڵ و پشتیوانیی هەموو لایەنەکان دەیان پرۆژە بە کۆتا دێن. پەیاممان بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە دەرگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هەمووان کراوەیە و بەبێ جیاوازی دەمانەوێت خزمەتی هەموو شوێن و ناوچە و چین و توێژێک بکەین. ئەوەی کە پێشکەش کرا بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوونی خانەوادەی شەهیدان بەداخەوەم بۆ ئەوەی ئەگەر هەندێک لە خانەوادەی شەهیدان پێیان ناخۆش بێت، چونکە ئەم هاوکاری و پرۆژە نیشتەجێبوونە ناچێتە نێو چوارچێوەیەکی سیاسی."