حاكمی نیویۆرك ده‌درێتە دادگا
رێگری له گردبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریی و مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كات
K24- مینۆسیتا- ئەمەریکا:
دوای دوو رۆژ له هێوربوونه‌وه‌ی مردن و تووشبوون له‌نیویۆرك، ئه‌مڕۆ 23ی ئایار، ئه‌ندرۆ كۆمۆ حاكمی ویلایه‌تی نیویۆرك كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی تازه‌ی ده‌ركرد له‌نێویاندا رێگه دە‌دات تا 10 كه‌س بۆیان هه‌یه پێكه‌وه كۆببنه‌وه.
له راپۆرتێكی ئێن پی ئار-دا هاتووه، به‌پێی یاسای ویلایه‌ته‌كه ئه‌م رێوشوێنه درێژه‌ی ئه‌بێت بۆ هه‌موو گردبوونه‌وه‌یه‌ك "جا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت یان هه‌ر هۆیه‌كی یاسایی بێت".
ئه‌م ریفۆرمه له یاسای رێوشوێنه‌كانی ویلایه‌ته‌كه هاوشانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی ویلایه‌ته‌كه پێویسته پابه‌ند بێت به دوركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی (سۆشیال دستانس) كه به‌رپرسانی ته‌ندروستی ویلایه‌ته‌كه دایانناوه.
ئه‌م رێكاره نوێیه ئاسانكارییه، له‌دوای زنجیره‌یه‌ك هه‌نگاوی توند دێت كه له‌مانگی ئاداره‌وه گیراوه‌ته‌به‌ر.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی ئێن پی ئار، ئه‌و رێوشوێن و ئاسانكارییه بۆ گردبوونه‌وه جه‌ده‌لێكی زۆری دروستكردووه ده‌رباره‌ی چۆنێتی دیاریكردنی كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕی ویلایه‌ته‌كه كه هه‌ندێك به پێویستی ده‌زانن و هه‌ندێكی تر جارێ به پێویستی نازانن.
له هه‌مانكاتدا جه‌ده‌لێكی گه‌وره هه‌یه له ویلایه‌ته‌كه له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێوشوێنی توندی بۆنه ئاینییه‌كان كه له مانگی ئاداره‌وه كۆتایی پێهێنراوه و كلێسا و شوێنه ئاینییه‌كان داخراوه.
هه‌روه‌ها رۆژی 23ی ئایار یه‌كێتی ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كانی نیویۆرك داوایه‌كی یاسایی دژی ئه‌ندرۆ كۆمۆ حاكمی مه‌ده‌نی ویلایه‌ته‌كه تۆمار كرد كه رێگری له گردبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریی و مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كات.
كریستۆڤه‌ر دان، به‌رێوه‌به‌ری یاسایی گرووپه‌كه و پارێزه‌ری سه‌ره‌كی داواكه پێیوایه: "مافی گردبوونه‌وه‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و پراكتیزه‌كردنی بنه‌مای هه‌موو ئازادییه‌كانی تره. له‌كاتی قه‌یراندا پێویسته بووه و رێزمان له‌یاساكان گرتووه، به‌ڵام ئێستا پێویسته ئه‌و رێگرییه هه‌ڵگیرێت".
نیویۆرك به سه‌نته‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه داده‌نرێت له ئه‌مریكا و تا ئێستا 350 هه‌زار كه‌یسی هه‌یه، به‌ڵام ماوه‌ی دوو رۆژه ژماره‌ی تووشبوون زۆر كه‌می كردووه.