بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر زانیاری نوێ لەبارەی بۆریی ئیفراز سێی هەولێر دەخاتەڕوو
K24 - هەولێر
نزیکەی 45%ـی گەڕەکەکانی هەولێر لەدوێنێوە بێ ئاون، هۆکارەکەشی بۆ شکانی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دەگەڕێتەوە، کە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، ئێستا خەریکی چاککردنەوەین.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لەگەڵ تیمەکانی چاککردنەوەی بۆرییەکە بوو، کە لەنێوان عەنکاوە و گوندی گەزنە شکاوە و بە کوردستان ٢٤ـی راگەیاند "لە کاتژمێر 04:00ـی بەیانیی دوێنێ لەلایەن تیمی بەڕێوەبەریی پرۆژەکان ئاگادارکراینەوە، کە کێشەی دابەزینی پاڵەپەستۆ و زیادیی پاڵنانی ئاومان هەیە، ئەمەش دەریخست بۆرییەکە یان هێڵی گواستنەوە کێشەی هەیە".
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دوای دۆزینەوەی شوێنی شکانی بۆرییەکە، لە کاتژمێر 09:00 بۆ 10:00ـی بەیانیی دوێنێ (شەممە، 23-5-2020) دەستیان بەکارکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لە گۆڕینی بەشێکی بۆرییەکە.
لەبارەی هۆکاری شکانی بۆرییەکە، ئاری ئەحمەد دەڵێ "بەهۆکارێکی تەکنیکی شکاوە، چونکە جۆینەکە 15 ساڵە کاردەکات و ئاوی دزیوە، بەمەش لەکارکەوتووە".
دابینکردنی ئاوی 35% بۆ 45%ـی گەڕەکەکانی شاری هەولێر پشت بەو بۆریە دەبەستێت، چونکە گەورەترین بۆریی دابەشکردنی ئاوە، ئەو گەڕەکانەی پشت بەو بۆرییە دەبەستن، دەکەونە نێوان شەقامی مەسیف تاوەکو شەقامی کەرکووک و لە دەرەوەی 60 مەتری و بەشێکی 60 مەتری تاوەکو 120 مەتری.
ئاری ئەحمەد ئاشکرای کرد "لەماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێردا لەدوای بەکارخستنەوەی بۆرییەکە، گشت شوێنەکان کە پشت بەو بۆرییە دەبەستن، کێشەی ئاویان نامێنێت".
کێشەی ئاو لە هەولێر
بەگشتی ماوەیەکە چەند گەڕەکێکی هەولێر کێشەی ئاویان هەیە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر هۆکاری کێشەکە رووندەکاتەوە و دەڵێ "10 رۆژێک دەبێت کارەبای نیشتمانی بۆ 9 تاوەکو 10 کاتژمێر کەمبووە، ئەمەش کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە، بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی کێشەکان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر مووەلیدەی دابینکردووە، یان بەستوونەتییەوە بە مووەلیدە ئەهلییەکان، چارەسەری سێیەمیشی ئەوەیە کاتەکانی دابەشکردنی ئاوی دابەشی دوو کردووە".