نێچیرڤان بارزانی: لەم هەڵبژاردنە براوەی یەکەم خەڵکی کوردستانە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لە بنکەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر دەنگی دا لە گوتارێکدا گوتی: "هەنگاوێکی گرنگی ناو لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسی لەم وڵاتەکەدا، لەم پرۆسەیەدا براوەی یەکەم خەڵکی کوردستانە، کوردستان براوەیە".
گوتیشی: "خۆشحاڵم بەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرەڕای هەندێک شتی زۆر بچووک، بەڵام بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوە چوو. هیوادارم خەڵکی هەرێمی کوردستان مومارەسەی ئەم دەسەڵاتەی خۆیان بکەن بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانی خۆیان و ناردنیان بۆ بەرەو پەرلەمانی کوردستان."
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "بۆ ئێمە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە، چونکە دیسانەوە ڕەوایەتی و شەرعییەتدانە بە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن گەلی کوردستان هەڵدەبڕژێردرێن، هیودارام پرۆسەکە ئەمڕۆ بە ئارامی بەڕێوە بچێت، هیودارام کوردستانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیە بەشداربن، بچن مومارەسەری دەسەڵاتی خۆیان بکەن و بچن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان و کاندیدەکانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ چوار ساڵی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان."
"هەروەها لێرەوە لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، دەمەوێ سوپاسێکی تایبەتی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و حاکم جاسم و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی هەموو ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێمە بوون و پەرۆش بوون بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە بکرێت کە بەبێ یارمەتیدانی ئەوان ئاسان نەبوو ئەم پرۆسەیە، هەربۆیە سوپاسیان دەکەم بۆ ئەوەی یارمەتی دەربوون."
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند "دوای ئەوەی هەڵبژاردن تەواوبوو، هەموو لایەنە سیاسییەکان ئازادن و لەگەڵ یەکتر دادەنیشن و نەخشە ڕێگەی هاوپەیمانێتی دیاری دەکەن، ئەمەش کارێکی ئاساییە لە هەموو پرۆسەیەکدا، بەڵام ئەوەی گرنگە و ئاماژەی پێ دەکەم ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو پێکهاتانەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، بە گشتی سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانە، ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیاندا چەند کورسی دەهێنن و چ هاوپەیمانێتییەک پێک دەهێنن دەمێنێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردن."