رووماڵ

وەزارەتی ناوخۆ داوا لە کۆمیسیۆن دەکات ڕێکارەکان توند بکەنەوە

پرۆسەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی
پرۆسەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات "لە پێناو سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێکارەکان توند بکەنەوە."

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوا بەدوای کۆبوونەوەی تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، لە پێناوی سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردن، بفەرموون کاری پێویست بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە.

-یەکەم، قەدەغەیە دەنگدەر مۆبایل و کامێرا بباتە ژوورەوە، پێویستە لە بنکەکانی دەنگدان پشکنین بکرێت و ڕێگا بە بردنە ژوورەوەی مۆبایل و کامیرا نەدرێت، تەنها ڕۆژنامەنووسان و نوێنەرانی کیانە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نەبێت، کە ئەوانەی باجی ڕێگەپێدانیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هەیە، ڕێگەپێدراون مۆبایل و کامێرا ببەنە ژوورەوە.

-دووەم، قەدەغەیە نوێنەرانی کاندیدەکان تا مەودای 150 مەتر لە بنکەکانی دەنگدان نزیک ببننەوە.

-سێیەم، پێویستە هەموو پۆستەری کاندیدان و لیستەکان لە بنکەکانی دەنگدان بکرێتەوە تا مەودای 150 مەتر لە دووری بنکەکە.

-چوارەم، جگە لەو هێزانەی لە چوارچێوەی لێژنەی ئەمنی ڕاسپێردراون، هیچ هێز و کەسێک  بۆی نییە بە جلی سەربازی لە بنکەکانی دەنگدان نزیک ببێتەوە.

کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. هەروەها لە دەنگدانی گشتیی دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.