وەزیری ناوخۆ بۆ دەنگدەران: هەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوو بکەن بۆ ئەوەی بزانن دەنگ بە کێ دەدەن
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت "هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە دەچێت" و داوا لە دەنگدەران دەکات "هەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوو بکەن بۆ ئەوەی بزانن دەنگ بە کێ دەدەن."
ئەمڕۆ یەكشەممە، 20-10-2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر، دەنگی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دا و دواتر بۆ نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 دوا.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان دەربڕی و داوای لە هاووڵاتییان کرد "ئەم مافەی خۆیان نەفەوتێنن و لەو ماوەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردووە، دەنگ بدەن."
ڕێبەر ئەحمەد کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هیوای خواست "دەنگدەران دەنگ بەو لایەنە بدەن کە پێیان وایە باشتر خزمەتیان دەکات و هەڵسەنگاندنیش بۆ ڕابردوو بکەن بۆ ئەوەی بزانن دەنگ بە کێ دەدەن؛ هەروەها وژدانی خۆیان ئارام بکەن و بە دەنگەکەیان داهاتوویەکی باشتر و ئاسوودەتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کرد "هیوادارم خەڵکی کوردستان پاداشتی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان و هەموو ئەو لایەنانە بکەنەوە کە خزمەتی خەڵکیان کردووە."
لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، وەزیری ناوخۆ پێی وایە "دەنگدانی تایبەتی ڕۆژی هەینی، 18-10-2024 و دەنگدانی گشتییش، تاوەکوو ئێستە زۆر بە باشی و لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە دەچێت."
کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. لە دەنگدانی گشتییدا دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.