پارێزگاری هەولێر: پرۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوە دەچێت

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت، هیوادارم ئەو چەند کاتژمێرەی کە ماوە وەک ئێستە بەبێ کێشە بێت.
یەکشەممە، 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەستخۆشیی لە کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئۆفیسی هەولێر دەکەم، هیوادارم ئەو چەند کاتژمیرەی ماوە پرۆسەکە وەک ئەوەی تا ئێستە، بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێمان کردووە، بەڕێوە بچێت، تاکوو دواجار خەڵکی کوردستان لێی سوودمەند دەبێت."
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "پرۆسەکە پەیوەستە بە شەرعییەتدانی دامودەزگاکانی حکوومەت؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچییەکی لە توانادا بووە کردوویەتی، تاکوو پرۆسەکە بە ئارامی و دروستی بێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت."
دەشڵێت: "کارمەندانی کۆمیسیۆن کێشە و گرفتی ئامێرەکانیان چارە کردووە، تەنیا ئەوانەی پەنجە مۆرییان نایخوێنێتەوە ڕێژەیەکیان دیاری کردووە، بەپێی ئەو ڕێژەیە لە وێستگەکان ئەو هاووڵاتییانە دەتوانن بەشداری بکەن."
ئاماژەی بەوەش دا "تاکوو ئیستە گرفتێکی وا نەبوو ببێتە هۆی لە کارخستن یاخود دواخستنی پرۆسەکە، زۆر بە باشی بەڕیوەچووە دەست خۆشییان لێ دەکەین، بۆ هەڵبژاردن ئامادەکارییەکانیان بە باشی کردووە."
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند "بڕیاری قەدەغەکردنی موبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان لە پێناو سەلامەتی پرۆسەکەیە، تاکوو هاووڵاتییان بۆ کاندید و لایەنی سیاسی خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن و هیچ فشارێک لەسەر هاووڵاتییان نەبێت."