ئافرەتێکی 105 ساڵیی دایکی سێ شەهید دەنگی دا

لە شارۆچکەی شەقڵاوە ئافرەتێکی تەمەن 105 ساڵییان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن 'ئەمبولانس' هێنا بۆ بنکەی دەنگدان تاوەکوو ئەو مافەی نەفەوتێت.
گەنجێک کە لەگەڵ ئەو ئافرەتە بوو گوتی: "ئەو ئافرەتە تەمەنی 105 ساڵە و دایکی سێ شەهیدی سەنگەرە، ئاکنجیی شارۆچکەی شەقلاوەیە، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵیەوە دەنگ بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات."
گەنجەکە ئاماژەی بەوەش کرد "باری تەندروستیی ئەم ئافرەتە باش نییە، بەڵام هێنام بۆ سەر سندوقی دەنگدان تاوەکو دەنگەکەی بدات."
ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، کاتژمێر 7ـی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد، کە لە دەنگدانی گشتیی دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.
ژمارەی دەنگدەرانی گشتیی بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 933,115 دەنگدەر
بازنەی سلێمانی: 1,008,412 دەنگدەر
بازنەی دهۆک: 682,791 دەنگدەر
بازنەی هەڵەبجە: 59,300 دەنگدەر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 266 بنکە و شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە.
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 498 بنکە و 2213 وێستگەی دەنگدان
بازنەی سلێمانی: 477 بنکە و 2373 وێستگەی دەنگدان
بازنەی دهۆک: 264 بنکە و 1596 وێستگەی دەنگدان
بازنەی هەڵەبجە: 27 بنکە و 136 وێستگەی دەنگدان کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناوی هەزار و 191 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کردووە و کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی دەکەن.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێژەی بەشداری سەدا 97 بوو.