بەرپرسی ناوچەی تاسلوجەی پارتی: بنکەکانی دەنگدان لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆرەوە دەوردراون
بەرپرسی ناوچەی تاسلوجەی پارتی، دەڵێت: هەموو بنکەکانی دەنگدان لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆری یەکێتییەوە دەوردراون و کێشە بۆ چاودێر و نوێنەرەکانمان دروست دەکەن.
یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، سۆران لەتیف، بەرپرسی ناوچەی تاسلوجەی پارتی، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، هەموو ئەو بنکانەی کە دەنگدانی تێدا دەکرێت لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆری یەکێتییەوە دەوریان گیراوە و هەرچی بیانەوێت دەیکەن.
بەرپرسی ناوچەی تاسلوجەی پارتی، دەڵێت: ئەو هێزانە کێشە بۆ چاودێر و نوێنەرەکانمان دروست دەکەن، هەروەها بیانویان پیێدەگرن بۆ ئەوەی دەستگیریان بکەن.
باسی لەوەش کرد، ئەو هێزانە چاو لە خەڵکی ئێمە سوور دەکەنەوە و گوشاری زۆریان لەسەر دروست دەکەن، هەروەها هێزەکان ئەگەر یەکێکیان مەبەست بێت پەنجەمۆریشی نەخوێنێتەوە و کارەکەی بۆ ڕایی دەکەن و وا دەکەن دەنگی خۆی بدات.
سۆران لەتیف، گوتی: ئەو هێزانە خێمەشیان هەڵداوە. هەروەها هەڤاڵێکی ئێمە بە ناوی مەریوان ئیبراهیم سەعدون لە ئاسایئشی ڕاپەڕین دەستگیر کرا و دوای لێپێچینەوەیەکی توند لەگەڵی ئینجا ئازاد کرا.
هاوکات گوتیشی: ئەو هێزانە چاوەڕێ دەکەن تا دەنگدان کۆاتیی بێت و دنیا زیاتر تاریک بێت، بۆ ئەوەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سندوقەکان ببەن دوور لە چاوی نوێنەرەکانمان و تەنیا خۆیان ئەو کارە ئەنجام دەدەن و ئەوەی بیانەوێت دەیکەن.
کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. لە دەنگدانی گشتییدا دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.