رووماڵ

سەربەست لەزگین: نزیکەی 140 هەزار دەنگی پارتی لە بادینان زیادی کردووە

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە دهۆک
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە دهۆک

سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک ڕایدەگەیەنێت: نزیکەی 140 هەزار دەنگی پارتی لە بادینان زیادی کردووە.

یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: هیچمان لەبەردەست نییە ڕایبگەیەنین تا کۆمیسیۆن ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن، بەڵام دڵنیایی دەدەینە جەماوەری خۆمان و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی شەهیدان، ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی گەورەمان تۆمار کرد.

سەربەرست لەزگین سوپاسی دەنگدەرانی کرد کە دەنگی خۆیان دایە پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: بە هەوڵی ئەوان ئەو سەرکەوتنە گەورە هاتە دی، ڕاشیەگەیاند: دەنگی پارتی لە دەڤەری بادینان زۆر زیادی کردووە، ئێمە دەستی ئاشتەوایی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین، ئەو دروشمەی هەڵمان گرتبوو لە هەڵبژاردن، بناغەیەک بۆ کوردستان لە ئاوەدانی و ئارامی و پێکەوەیی و خۆڕاگریی تەواوی گەلی کوردستان دروست دەکەین.

سەربەست لەزگین سوپاسی دەڤەری بادینان و هەر پێنج لقی بادینانی کرد کە هەوڵی خۆیان خستە گەڕ بۆ سەرخستنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: هەموومان چاوەڕیی ئەنجامی کۆمیسیۆن دەکەین، دەشڵێت: لە دەڤەری بادینان نزیکە 140 هەزار دەنگ  زیادی کردووە.