وەزیری بەرگریی ئەمەریکا سیستەمی دژە مووشەکی "تاد"ی لە ئیسرائیل جێگیر کرد
دووشەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری لوید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند "سیستەمی دژە مووشەکی، "تاد" THAAD لە ئیسرائیل جێگیر کراوە."
لای خۆیەوە پات ڕادەر، گوتەبێژی پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئۆستن، ڕێگەی بە جێگیرکردنی سیستەمی دژە مووشەکی THAAD داوە، ئەوەش بە بڕیاری جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو سیستەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل دوای هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگەکانی نیسان و تشرینی یەکەمدا."
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا پێشتر دووپاتی کردەوە "هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەن بۆ بەرگریی لە ئیسرائیل و دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی سەرتاسەری."
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاوی کردووەتەوە "گەیاندنی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پێشکەوتوو مەترسی هەڵگیرسانی ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییە بەربڵاوەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی سەرتاسەری."
پێدەچێت ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ هێرشەکەی ئێران لە 1ـی ئۆکتۆبەردا تەواو کردبێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران نزیکەی 180 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا.
لە ـ1ی ئۆکتۆبەردا ئێران هێرشێکی گەورەی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کرد، کە دووەم هێرشە لە مێژووی ئەو دوو وڵاتەدا، هێرشەکە لە وەڵامی کوشتنی بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنیە، حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا.
هەروەها دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ئەگەر شەڕێکی هەمەلایەنە لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێت، واشنتۆن دەکێشرێتە ناویەوە و ئێمەش ئەوەمان ناوێت.